هەنگاونان - هەماهەنگی - سەربەخۆی

6.08.2017

دیدار بە قیامەت!

''دیدار بە قیامەت! ئێمە ڕۆشتین و دڵی ئێوەمان شکاند، هەر ئەوەندە..''
سادق هیدایەت
هاوپێچ؛ وێنەی سادق هیدایەت دوای خۆ کوشتنی .

کورتەیەک لەسەر سادق....

 لەساڵی ١٧/٠٢/١٩٠٣ لە تاران لەدایک بووە، هەر لە مناڵییەوە خۆشەویستی ناو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوو، لە سەر نوسین کارەکتەری سادق چەندین کتێب نوسراوە هەم بە چاکە هەم بە خراپە، کتێبەکانی گەلێک جار لە چاپدراونەتەوە بە زمانە جیاوەزەکان.

نەوەی ئەدیبی بەناوبانگ ڕەزا قولی خانی هیدایەت بوو، بەڵام ئەم میراتە هۆکاری ناوبانگی هیدایەت نەبووە لە ئەدەبیاتدا…    
"ڕۆژێ لێسکۆ" بەم شێوەیە پێناسەی دەکات:
سەربەخۆیی فکریی، خاکەڕایی و پاکژی ڕۆحی هیدایەت هۆکاری ئەوە بوو کە ژیانێکی بێناونیشان و دەرد و ئازارگەل تاکێکی تایبەتمەند بۆ خۆی هەڵبژێرێت کە ملی بە هیچ سازشێک نەدەدا. دڵناسکیی لە ڕادەبەدەری، زەوقێک کە هەمیشە دەسبەجێ لایەنی پێکەنیناویی شتەکانی دەدۆزییەوە و هەروەها لەخۆبوردوویی لە هەمبەر ئەو کەسانەی کە خۆشی دەویستن، بێزاربوونی ئەوی لەم دنیایە هاوسەنگ دەکرد.

سادق ھیدایەت نووسەر، وەرگێڕ و ڕووناکبیری ئێرانی بوو. ھیدایەت لە پێشڕەوانی چیرۆکنووسیی نوێی ئێران و ڕووناکبیر ھەڵکەوتوو بوو. زۆرێک لە لێکۆڵەران ڕۆمانی «بوف کور»ی ئەویان پێ بەناوبانگترین و دەرکەوتووترین بەرھەمی وێژەی چیرۆکی ھاوچەرخی ئێران دەزانن.

ھەرچەند ناوبانگی ھیدایەت نووسەریە، بەڵام چەند بەرھەمێک لە نووسەرانی گەورە وەکوو ژان پۆل سارتەر، فرانتس کافکا و ئانتۆن چێخۆڤیشی وەرگێڕاوە. ڕێژەی بەرھەمەکانی کە سەبارەت بە نووسراوەکان و ھەروەھا شێوەی ژیان و خۆکوشتنی سادق ھیدایەتن ئەوە دەردەخەن کە بزاڤی ڕووناکبیری ئێران زۆر لەسەری کاریگەر بووە.

لە ساڵی ١٩٢٠ ئەڕوات بۆ پاریس لە کۆڵیژی دانسازی دەخوێنێت، دواتر ئەیگۆڕێت بۆ کۆلێژی (ئەندازیاری) دواتر واز لەوەش دێنێت  و تەواوی ناکات. لە ساڵی ١٩٢٧ یەکەم کتێبی بڵاو ئەکاتەوە (سودەکانی گیاخۆری)  لە ساڵی ١٩٣٠  کتێبێکی تر بڵاو دەکاتەوە بە ناو(زیندە بەگۆڕ) لە ساڵی ١٩٣٥ سەفەر دەکات بۆ هندستان و لەوێ دەمێنێتەوە لە ساڵی ١٩٣٦ (کوندەپەپووی کوێر) بڵاو دەکاتەوە کە ڕەنگدانەوەی فەزای هندستان لە ڕۆمانەکادا بەدی دەکرێت. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ پاریس لە ساڵی ١٩٣٧ جارێکی تر لەچاپی دەداتەوە. لەهەمان کاتدا چەندین کتێبی تری لە چاپداوە کە چیرۆکن. لە ٠٩/٠٤/١٩٥١  لە پاریس و لە ماڵەکەی خۆیدا بە گاز خۆی دەکوژێت.

سادق هەمیشە بە نووسەرێکی ڕەش بین دانراو و ئەمەش لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە، ویستم بۆ دەرخستنی ڕەشبینیە زۆرەکەی بۆ ژیان نموونەی ڕۆمانێک بهێنمەوە بە ناوی (کوندەپەپوی کوێر) کە بە کورتی ئەمە کۆی چیرۆکەکەیە کە لە دوو بەش پێکهاتووە ؛

بەشی یەکەمی چیڕۆکەکە کە بێژەرێکی بێ ناو دەیگێڕێتەوە، بریتییە لە خەونێک، بەڵام خەونێکی نائاسایی. تیایدا بێژەر لە ڕۆژێکی ئاساییدا لە درزی تاقی ژوورەکەی، لە پشت کووپەیەک شەڕابی حەوت ساڵەوە چاوی بە دیمەنێک دەکەوێت، لەو دیمەنەدا کچێکی جوان بەسەر جۆگەیەکدا نەویوەتەوە و گوڵێک پێشکەش بە پیاوێکی قەمبووری ئەوپەڕ جۆگاکە دەکات. بێژەر عاشق و شەیدای ئەو کچە  دەبێت و لێی دەبێتە ژنی خەون و خۆزگە دوور و درێژەکانی و وەک مرۆڤێکی خەیاڵیی و فریشتەیەکی ئاسمانی باسی دەکات. فریشتەیەک کە دواتر دێتە ژوورەکەی و بێ هیچ قسە و گفتوگۆیەک لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕادەکشێت و هەر لەوێش دەمرێت. ئەوسا کابرا، کە لە هەموو هەوڵێک بۆ ژیاندنەوەی نائومێد دەبێ، لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی دەست و چاوی هیچ پیاوێکی تر سیمای بانزەوینی وجوانی ئەو دڵدار و فریشتە ئاسایە نەشەمزێت، جەستەی ناسکی لەت و کوت و پارچەپارچە دەکات و لە ژێر خاکدا دەیشارێتەوە. پاشان تا هەتاهەتایە لە فیراقی دوو چاوی ڕەشی ئەو دڵدارە خەیاڵکردە، خۆی بە کێشانەوەی نیگاری ئەو ژنە لەسەر بەرگی قەڵەمدانەکان خەریک دەکات. دوای ئەوەی بە ئاگادەبێتەوە، 
.. لە بەشی دووهەمدا بڕیاری نووسینەوەی ئەو خەونە دەدات، بەڵام ئەوەی کە بێژەر لە بەشی دووهەمدا دەینووسێت ڕوویەکی تری ئەو خەونە، یان ئەو چیڕۆکەیە. گێڕانەوەی بەشی دووهەمی ڕۆمانی کوندەپەپووی کوێر، دیسان خەونێکی تر، بەڵام ئەمجارە خەونێکی گەلێک ناخۆش و کابووسێکی گەلێک ترسناکە. لەم بەشەدا بێژەر چیڕۆکی شەیدایی خۆی بۆ ژنێک دەنووسێت کە بە پێچەوانەی ژنە فریشتە ئاساکەی بەشی یەکەم، نەوەک ژنی خەون و خەیاڵات، بەڵکوو ژنی خۆیەتی. ژنێکی سۆزانی و لەیلەدۆنەیەکی دەرپێ بەکۆڵ، کە بێژەر لە ئەنجامدا ئەویش دەکوژێت.

بەشێک لە بەرهەمەکانی بە PDF زمانی کوردی:
کوندەپەپوی کوێر ؛https://archive.org/details/justbooks24_gmail_20161212_2118

زیندە بە گۆڕ ؛https://archive.org/details/justbooks24_gmail_20161212_2123

کافکا؛https://archive.org/details/justbooks24_gmail_20161212_2151

سەگی وێڵ؛https://archive.org/details/justbooks24_gmail_20161212_2119

سایتی فەرمی نووسەر؛http://sadegh-khan-hedayat.com/

هەنێک لە زانیاریەکان بە دەست هێنراون لە:
فەرشید شەریفی ؛ وەرگێری کتێبی کوندەپەپوی کوێر 
ویکیپیدیا و BBC
سایتی تایبەتی نوسەر 
پەیجی سادق هیدایەت 
گەشبیر ئەحمەد

بە هیوای سود بینین ... زانیار محمد
بڵاوکردنەوە:

پەیوەندی کردن بە ئێمەوە

hema

hema
 
ئامادەکردنی :شێخ دییڤیلۆپەر