راپرسی و فەتوا
د.شیركۆ عبدالله15/6/2017
پرسیار: راپرسییەكەی مانگی (9) فەرقی چییە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی زەمانی جاراندا؟.
وەڵام: داوەشێی بۆ خۆت و پرسیارت.. ئینتخاباتەكانی ئەوسا زۆرەملێ بوو، ئەمەی مانگی (99) تەنیا تەكلیفی برادەرانی سەرەوەیە
پرسیار: ئایا ئەتوانی رۆژی راپرسییەكە لەبەردەمی سنوقەكەدا رەسم بگریت؟
وەڵام: ئەگەر لەبەرخاتری (لایك)و ئەمانەیە كارێكی جائیزە، ئەگەرنا حەرامە
پرسیار: رۆژی راپرسییەكە ئینسان چی لەگەڵ خۆیدا ببات خێری زیاترە؟
وەڵام: هەموو شتێك موباحە ئیللا ئەقڵ و مەنتیق نەبێ كە ئەو رۆژە مەكروهن
پرسیار: كەمپین كردن بۆ راپرسییەكە حەڵاڵە یان حەرام؟
وەڵام: ئەگەر بۆ گەوجاندنی جەماوەربێ جیهادی عەینییە
بەڵام ئەگەر هەقیقەتی مەبەست بێ ئەوا لە (زیناكردن) بەم مانگی رەمەزانە حەرامترە
پرسیار: ئینسان ئەو رۆژە چ نەوعە جل و بەرگێك لەبەر بكات خێری زیاترە؟
وەڵام: هەموو نەوعێك باشە بەتایبەت زەردو سەوزی كاڵ و شینی عاسمانی، بەڵام كراسی مۆر رەئییەكەت باتڵ ئەكات
پرسیار: ئایا ئەتوانین بیلامانێ هەر بە سپێتی وەرەقەكەی تێبخەین؟
وەڵام: ئەگەر لە دەڤەری ئەملابیت زۆر گوناح نییە، بەڵام لەولا بە گوناحی كەبیرە حساب ئەكرێ
پرسیار: بەپێی شەرع وەرەقەكە لوول بكەیت باشە یان هەر وا بە پانی؟
وەڵام: ئەگەر بە نەخێر جواب ئەدەیتەوە لوولی بكە با كەس نەیبینێ، بەڵام ئەگەر جوابەكەی بەڵێیە هەر وا بە پانی ئەجری زیاترەو ئەڵڵاهو ئەعلەم
ئامادەکردنی :شێخ دییڤیلۆپەر