ژنێکی فەرەنسی لەلایەن پزیشکی فریاکەوتنەوە هەواڵی مردنی رادەگەیەندرێت و کەسە نزیکەکانی لە ژیانەوەی بێ هیوا دەکەن، بەڵام دوو پۆلیسی ئەو وڵاتە لەکاتی ئەنجامدانی هەناسەدانی دەستکردەوە ژیان بۆ ئەو ژنە دەگەڕێننەوە دوای ئەوەی پزیشکەکان کاتژمێرێک بوو هەواڵی مردنیان راگەیاندبوو.
کچەکەی کە تەمەنی 18 ساڵە، پیاوانی فریاکەوتن لە کەوتنی دایکە تەمەن 49 ساڵەکەی ئاگادار دەکاتەوە، کاتێک دەبینێت لەسەر زەوی کەوتووەو جەڵتە لێیداوە، دەستبەجێ تیمی فریاکەوتن دەگەنە ئەو شوێنە، بەڵام دوای هەوڵدانێکی زۆر ناتوانن ژیانی بۆ بگەڕێننەوەو دڵی ببوژێننەوە، هەربۆیە دوو پۆلیسی پاریس ژیان بۆ ئەو ژنە دەگەڕێننەوە.
رۆژنامەی لۆپاریزیانی فەرەنسی رایگەیاندووە کە لە کاتژمێر 4:10 خولەکی ئێوارەدا پزیشکەکان هەواڵی مردنی ئەو ژنەیان بە کەسوکارەکەی راگەیاندووەو واژۆی بەڵێننامەی مردنەکەشیان پێکردووە.
لەلایەکی ترەوە دوو پۆلیسی فەرەنسی کە ئەرکیان نووسینی راپۆرتی ئەو حاڵەتە بووە دەچنە شوێنی رووداوەکە، دوای ئەوەی درک دەکەن کە لەدەوروبەری گەدەی ئەو ژنە جوڵانەوەیەک هەیە، دەستبەجێ ئەو رووپۆشەی بەسەر لاشەی ژنەکەدا دراوە لادەدەن و بە چەند کردارێک ژیانی بۆ دەگەڕێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکێک لە پۆلیسەکان دەبینێت ژنە تەمەن 49 ساڵەکە دڵی لێدەدات.
زیرەکی و کارامەیی ئەو دوو پۆلیسە لەوەدا ناوەستێتەوەو پەیوەندی بە پیاوانی ئاگرکوژێننەوە دەکەن بۆ ئەوەی زانیاری وەربگرن لەسەر چۆنێتی بوژاندنەوەی دڵی مرۆڤ لەساتە لەناکاوەکاندا.
دوای تێپەڕبوونی تەنها سێ خولەک ئەو ژنە دڵی بەتەواوی دەکەوێتەوە کار و وەک مرۆڤێکی ئاسایی هەناسەدانی بۆ دەگەڕێتەوە.
فەرماندەی پۆلیسی ئەو ناوچەیە خەڵاتی ریزلێنان و ئازایەتی بەو دوو پۆلیسە بەخشیوە.





